سەڵماس.. دەستبەسەرکرانی لاوێکی کورد لەلایەن ئیتلاعاتەوە

٣٠ سەرماوەز ٢٧١٦، ١٨:٤١
هەنگاو: لاوێکی کوردی خەڵکی سەڵماس لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرایەوە. بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، ڕۆژی شەممە ٢٧ی سەرماوەز، هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم هێرشیان کردە سەر خانووی هاووڵاتییەکی کورد و دەستبەسەریان کرد. هەواڵنیری "هەنگاو" لەشاری سەڵماس ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە کوردەی "خەلیل فەزڵی" تەمەن ١٩ ساڵ و کوڕی هاشم راگەیاندووە. یەکێک لە نزیکانی خەلیل بە هەواڵنێری "هەنگاو"ی راگەیاند کە هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کران و هەروەها شوێنی راگیرانی ناوبراو بۆ بنەماڵەکەی روون نەبووەتەوە و هەوڵەکانیان لەو پێناوەدا بێ ئاکام ماوەتەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، خەلیل دوای گەڕانەوە لە شاری سلێمانی دەستبەسەر کراوە. ناوبراو بۆ ماوەی ٣ مانگ لە سلێمانی سەرقاڵی کریکاری بووە. ئەو لاوە کوردە لە منداڵییەوە باوکی  لە دەست داوە و بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی خێزانەکەی سەرقاڵی کرێکاری بووە و بەهۆی نەبوونی دەرەتانی کار لە ئێران سەردانی هەریمی کوردستانی کردووە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە