دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی مەهابادی/ دەستبەسەرکرانی ١٧ هاووڵاتی لەسەرماوەزادا

٣٠ سەرماوەز ٢٧١٦، ٢١:٤٣
هەنگاو: لەدرێژەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠ سەرماوەز، یەکێک لەچالاکانی مەدەنی مەهاباد بەناوی "ئارەش دادخا" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرایەوە. هەواڵنێری "هەنگاو" لەشاری مەهاباد ڕایگەیاند کە هێزە ئیتلاعاتییەکان کاتژمێر یەک و سی خولەکی بەیانی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاییە کوردە و دەستبەسەریان کردووە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان دوای دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە دەستیان داوەتە پشکنینی ماڵی ناوبراو. بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، لەسەرەتای سەرماوەزەوە ١٧ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئیتڵاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەر کراون.  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە