یەلدای خوێناوی ژنان لەڕۆژهەڵات/ کوژرانی ٣ ژن لە یەک ڕۆژدا

٢ بەفرانبار ٢٧١٦، ١٥:٢٢
هەنگاو: لەدوایین ڕۆژی پاییزدا و لەبەرەبەرەی درێژترین شەوی ساڵ ، ٣ ژنی خەڵکی شارەکانی کامیاران، پاوە و ئیلام لەلایەن کەس و کار و یان کەسانی نەناسراوەوە کوژران و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە یەلدایەکی خویناوی بۆ ژانانی کورد تۆمار بکرێت. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی سەرماوەز کچێکی خەلکی گوندی "تەروەڕێزی کامیاران بەناوی "سەمیرا ئەندیشمەند" لەلایەن باوکیەوە کوژرا. هەواڵنێری "هەنگاو" لەشاری کامیاران ڕایگەیاند کە سەمیرا خێزانی کەسێک بەناوی حەمید رەزا مورادی و دایکی کورپەیەکی ١ ساڵەش بەناوی ئەمیر ماهان بووە. سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاندو کە سەمیرا ماوەیەک پێش ئێستا لەگەڵ هاوژینەکەی کێشەی هەبووە و دوای تۆران گەڕاوەتەوە بۆ ماڵ باوکی و دوای ئەوەی کە لە گەڵ باوکی تووشی دەمە قاڵە بووە، لەلایەن باوکیەوە کوژراوە و دواتر تەرمەکەی لەسەر جاددەی تەروەڕێز بۆ کامێران دۆزراوەتەوە. ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە دوای ئەو ڕووداوە باوکی سەمیرا بەناوی "یەدوڵڵا" لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەستبەسەر و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. لەلایەکی دیکەوە و هەمان ڕۆژ، کچێکی تەمەن ٢٢ سالی خەڵکی پاوە کە ناسنامەی هەتا ئێستا ڕوون نەبووەتەو ەلەلایەن مامیەوە خنکێندرابوو کە دواتر مامەکەی لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کرا. هەر هەمان ڕۆژ، تەرمی ژنێکی ئیلامی کە دایکی کچێکی کەم تەمەنیشە لە یەکێک لەگەرەکەکانی شاری ئیلام دۆزراوەتەوە. پۆلیسی ئیلام ڕایگەیاندووە کە ئەو ژنە لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە کوژراوە و لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەویە بکوژ یان بکوژەکان بەردەوامە . ئەو ژنە لە گەڕەکی "بانەبۆر"ی ئیلام و بە چەقۆ ملی بردراوە.      

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە