کچەکوردێکی بەندکراو لە گرتووخانەی هەمەدان مانی لەخواردن گرت

٢ بەفرانبار ٢٧١٦، ١٥:٤٧
هەنگاو: زیندانییەکی سیاسیی کورد بەهۆی بێبەشکران لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە گرتووخانەی هەمەدان مانگرتن لە خواردنی ڕاگەیاند. بەپێی هەواڵی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، لاوێن کەریمی، خوێندکاری خەڵکی سەقز کە لە گرتووخانەی هەمەدان ماوەی حوکمە سەپێندراوەکەی تێپەڕ دەکات لە دۆخێکی ناجێگیردایە. ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە، بەهۆی بێبەشکران لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و هەروەها مافی مەرەخەسی مانگرتن لە خواردنی ڕاگەیاندووە. لاوێن کەریمی لە خوێنڕێژیی گەدە ئازار دەکێشێت و پێویستیی بێ ئەملاو ئەولای بە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانەدا هەیە بەڵام بەرپرسان گرتووخانەی هەمەدان پێش بەوە دەگرن. ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە کە بەهۆی ئەشکەنجەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە کاتی دەستبەسەری و لێپێچینەوەدا تووشی نەخۆشی بووە، ڕایگەیاندووە کە تاوەکوو جێبەجێ بوونی داواکارییەکانی، درێژە بە مانگرتنەکەی ئەدات. لاوێن کەریمی، تەمەن ٢٦ساڵ و خوێندکاری بواری کارگێڕی هاوینی ئەمساڵ لە ماڵی خۆیان لە سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبه‌سه‌ر کرا و پاشان لەلایەن داگای سەقزەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران بە شەش ساڵ و پێنج مانگ زیندان سزا درا. دواتر بەهۆی ناڕەزایەتیی پارێەزەری ناوەبراوه‌وه‌ له‌ئاكامدا حوکمەکەی بۆ ٣ ساڵ و دوورخستنەوە بۆ زیندانی هەمه‌دان کەم کرایەوە و پەسەند کراوە. دادوەر لەکاتی دانی ئەو حوکمەدا پێی راگەیاندووە هەتا یەک ساڵ مافی هیچ چەشنە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەسوکاری نییە. لاوێن کەریمی، لە ساڵانی ٢٠١١و ٢٠١٣دوو جار بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردیی دژبەری ئێران دەستگیر کراوە و هەر جارەش بە دانانی کەفالەت بە شیوەی کاتی ئازاد کرابوو.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە