دەستبەسەرکرانی ٧٧ هاووڵاتیی کورد لە پاییزی ئەمساڵدا
٣ بەفرانبار ٢٧١٦، ١٧:١٧
هەنگاو: لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، ٧٧ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، لە سەرەتای رەزبەرەوە هەتا ٣٠ سەرماوەز(وەرزی پاییز)، ٧٧ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنی و ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە کوردستان دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو هاووڵاتیانەی کە دەستبەسەر کراون خەڵکی شارەکانی سەقز، بۆکان، ئورمیە، بانە، مەریوان، پیرانشار، کامیاران، دێولان، قوروە ، نەغەدە، شنۆ و دیواندەرە بوون.
دوای بەدواداچوونی "هەنگاو" ڕوون بووەتەوە کە لە کۆی ئەو ٧٧ کەسە، ٢٩ کەسیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و ٤٨ کەسیان هێشتا لە گرتووخانە ڕاگیراون کە چارەنووسی زیاتر لە ٢٠ کەسیان ناڕوونە.
ناسنامەی تەواوی ئەو ٧٧ کەسە لە بەشی ئاماری ماڵپەڕی "هەنگاو" تۆمار کراوە.
کەڵک وەرگرتن لەم ئامارە بە مەرجی ناوهێنانی سەرچاوە(هەنگاو)، رێگە پێدراوە.