هاجەر پیری گوێزرایەوە بۆ گرتووخانەی تەورێز

٣ بەفرانبار ٢٧١٦، ٢٢:٣٢
هەنگاو: کچە بەندکراویکی کورد کە ماوەی ٩ ساڵە لە گرتووخانەی کرمان ڕاگیراوە، بە هۆکاری نادیار گوێزرایەوە بۆ گرتووخانەی تەورێز. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ٣ی بەفرانبار، هاجەر پیری بەندکراوی سیاسی خەڵکی نەغەدە ، بە دەستبەند و لەلایەن ێزە ئەمنیەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە گرتووخانەی کرمان بۆ گرتووخانەی تەورێز گویزرایەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو گوێزرانەوە کاردانەوەی توندی هاجەری پیری لێکەوتووەتەوە، بەڵام هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکارێکی ڕوونیان بۆ ئەو مەسەلەیە نەداوەتە دەستەوە. ئەو سەرچاوەیە وتیشی، ئەو بەندکراوە کوردە کەرەستە تاکەکەسییەکانی خۆشی لەگەڵ خۆی بردووە، بەڵام هەتا ئێستا لە چارەنووسی ناوبراو هەواڵێک لەبەردەستدا نیە کە بزانین گەیشتووە تەورێز یان بۆ شوێنێکی دیکە بردراوە. هاجەر پیری تەمەن ٣٣ ساڵ، بانەمەڕی ٢٧٠٢ (١٣٨٦) لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری نەغەدەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٧ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی نەغەدە و ئورمیە ڕاگیراوە. ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕەزبەری هەمان ساڵ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی ” ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان و هەروەها هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات” سزای ١٧ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی کرمان لە ناوەندی ئێرانی بەسەردا سەپێندرا. هاجەر پیری لەکاتێکدا نۆیەمین ساڵی بەنکرانی خۆی تێدەپەڕێنێت کە ٨ ساڵ و ٦ مانگە لە بەندی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان ڕاگیراوە و باری جەستەیی ناجێگیرە و سینگی چڵکی کردووە و بەدەست ئازارەوە دەناڵێنێت.  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە