لە وەرزی پاییز ٤١ کورد لەسێدارە دراون

٤ بەفرانبار ٢٧١٦، ٠٠:٢٦
هەنگاو: لەماوەی ٣ مانگی ڕابردوودا سزای سێدارەی ٤١ هاووڵاتیی کورد لە گرتووخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا (وەرزی پاییز)، ٤١ هاووڵاتیی کورد لە گرتووخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، عەو هاووڵاتیانە دانیشتووی شارەکانی سەردەشت، ئورمیە، مەهاباد، کرماشان، سەقز، ئیلام، قوروە، سنە، مەشهەد، قوچان، نەغەدە و کەنگاوەر بوون. سزای سێدارەی ئەو ٤١ هاووڵاتییە لە گرتووخانەکانی تەورێز،ئورمیە، خوڕەمئاوا، میاندواو، ئیلام، سەڵماس، مەهاباد، قوروە، قەزوێن، مەشهەد، شیراز، مەراغە، بەندەرعەباس، کرماشان و کەرەج جێبەجێ کراوە. ٣٥ کەسیان بە تۆمەتی "کڕین و فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان"، ٥ کەسیان بە تۆمەتی "قەتڵی ئەنقەست" و کەسێکیشیان بە تۆمەتی "دەستدرێژی سیکسی" لەلایەن دەزگای دادوەریی رێژیمی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە. لە حالێکدا یەکێک لەو بەندکراوانە لەپێش چاوی خەڵک و لە گوندێکی کوردنشینی مەشهەد سزاکەی جێبەجێ کراوە. ناسنامەی تەواوی ئەو ٤١ کەسە لە بەشی ئاماری ماڵپەڕی “هەنگاو” تۆمار کراوە. کەڵک وەرگرتن لەم ئامارە بە مەرجی ناوهێنانی سەرچاوە(هەنگاو)، رێگە پێدراوە.      

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە