سەپاندنی ١٠٠ ساڵ زیندان بەسەر هاووڵاتیانی کورد لە پاییزدا

٤ بەفرانبار ٢٧١٦، ١٨:٤١
هەنگاو: لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا دادگاکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان نزیک بە ١٠٠ ساڵ زیندانیان بەسەر هاووڵاتیانی کورددا سەپاندووە. بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، لەماوەی وەرزی پاییزی ئەمساڵدا دادگاکانی ڕێژیم لە کوردستان سزای ١١٧٧ مانگ زیندانیان بەسەر ٣٠ هاووڵاتیی کورد دا سەپاندووە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ١٢ هاووڵاتیی خەڵکی سنە، ٦ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ، ٦ هاوولاتیی خەڵکی کامیاران، ٢ هاووڵاتی خەڵکی بۆکان، ٢ هاووڵاتیی خەڵکی سنە، هاووڵاتییەکی خەڵی ئورمیە و هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە. لەو ڕێژەیە ٦ کەسیان بە هۆی " بەشداری لە ڕۆژێ جیهانیی کرێکار، ١٢ کەسیان بەهۆی "بەشداری لە رێپێوانی شاری سەردەشت بۆ شەرەمزارکردنی کوشتنی خوێندکاری مەهابادی فەریناز خوسرەوانی"، ١١ کەسیان بە هۆی " هاوکاری لە گەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران" و کەسێکیش بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئەمریکا" سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە. ٥ کەس لەو ٣٠ کەسە ژنن کە سەرجەم سزای ٩٠ مانگ زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە. ناسنامەی تەواوی ئەو ٣٠ کەسە لە بەشی ئاماری ماڵپەڕی “هەنگاو” تۆمار کراوە. کەڵک وەرگرتن لەم ئامارە بە مەرجی ناوهێنانی سەرچاوە(هەنگاو)، رێگە پێدراوە.  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە