هاووڵاتییەکی کورد ٥٥ ڕۆژە قۆڵبەست و بێسەروشوێن کراوە

٥ بەفرانبار ٢٧١٦، ١٥:٠٨
هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئورمیە نزیکەی دوو مانگ پێش دەستبەسەر کراوە و هتچ زانیارییەک لەمەڕچارەنووسی لەبەردەستدا نییە. بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، ڕزگاری ئەمینی هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئورمیە ڕێکەوتی ١١ی خەزەڵوەری ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە قۆڵبەست کراوە. ڕزگار ئەمینی، پاش بانگهێشت بۆ دادگا بێسەروشوێن کراوە و تاوەکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی لەبەردەستدا نییە. سەرچاوەیەکی جێی متمانە و نزیک لە بنەماڵەی ڕزگار بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە سەرەڕای بەدواداچوونێکی زۆر تاوەکوو ئێستا هیچ زانیارییەکمان لەمەڕ چارەنووسی ڕزگار دەست نەکەوتووە. ئەم سەرچاوەیەی هەنگاو کە لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە درێژەدا پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە لە گرتووخانەکاندا ناوی ڕزگار تۆمار نەکراوە و ئیتلاعاتیش نکۆڵی لە دەستبەسەربوونی ناوبراو لە ئیتلاعاتدا دەکات. ڕزگار ئەمینی کە ماوەی دوو ساڵە لە شنۆ نیشتەجێیە، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەستبەسەرکراوە. ناوبراو پێشتر و لە مانگی ڕەزبەریشدا دەستبەسەر و دواتر دوو ڕۆژ پێش بێ سەر و شوێن بوونی واتە ٩ی خەزەڵوەر ئازاد کرابوو. هەواڵنێری هەنگاو باس لەوەدەکات کە ناوبراو پێشتر لەکاتی دەستبەسەرکراندا بە توندی کەوتبووە بەر لێدان و لە بواری جەستەییەوە لە دۆخێکی ناجێگیردا ببوو کە دیسانەوە بانگهێشتی دادگا کرابووە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە