محەمەد ئەمین ئاگووشی داوای بەهاناوە هاتن لە ناوەندە جیهانییەکان دکات

٦ بەفرانبار ٢٧١٦، ٠٢:١٢
هەنگاو: محەممەد ئەمین ئاگووشی مامۆستای بەندکراوی کورد، لە نامەیەکی کورتدا باس لە نەهامەتییەکانی خۆی دەکات و داوای ناوەندە جیهانی و مافی مرۆجییەکان داوای هاوکاری دەکات. ئەو مامۆستا تەمەن ٥٨ ساڵەیە ، ڕێژیمی ئێرانی بە هۆکاری لێکترازانی بنەماڵەکەی دەزانێ ، ئەویش بەهۆی راگیرانی خۆی بۆ ماوەی ١٠ سال لە گرتووخانەکانی ئێران. کچی ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە کە تەنیا ٢٢ سال تەمەنی بوو، پووشپەڕی ٩٤ بە هۆی دۆخی نالەباری ژیانەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. محەممەد ئەمین ئاگووشی کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە گرتووخانەکانی زاهیدان و تەورێز و ئورمیە ڕاگیراو، لەو نامەیەدا باسی لەوە کردووە کە زیاتر لە نیوەی حوکمەکەی لە ژووە تاکەکەسییەکان بووە. ناوبراو لە ریکەوتی ١ی ڕەزبەری ١٣٨٦ی هەتاوی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ هەریمی کوردستان دەستبەسەر کرابوو. دەقی نامەکە بە شیوەی خوارەوەیە؛ هەموو لایەک دەزانن کە من محەممەدئەمین ئاگوشی، زیاتر لە یەک دەیەیە لە چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە دژوارترین دۆخدا، بەندکراوم. بەشی زۆرینەی بەندکرانەکەم لە ژوورە تاکەکەسی و تایبەتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتدا، تێپەڕ بووە. ئایا تاوانی من ئەوەندە مەترسیدار و زۆرە کە سەرەڕای نەخۆشیم، دە ساڵە لە بەندیخانەدا بمێنمەوە؟ لەو ماوەیەدا، بنەماڵەکەم لێک هەڵوەشاوە بەڵام پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران، بەوەش ڕازی نەبوون و وازیان نەهێنا. ساڵی ڕابردوو، پاشماوەی بنەماڵەکەم بە هۆی گوشار و زۆردارییەکان، شوێنی ژیانی خۆیان بەجێ هێشت و پەرتەوازە بوون و ئێستا لە کەمپە شەق و شڕەکانی ئاڵمان  دەژین. ئایا وڵاتانی پارێزەری مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کومیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ، تا ئێستا چیان بۆ ئێمە ئەنجام داوە؟ لێرەوە داوا لە وڵاتانی پارێزەری مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کومیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ و سەرجەم بنکەکانی مافی مرۆڤ دەکەم تا بۆ ئازادکرانی من و بەندکراوە سیاسییەکانی تر، ڕاگەیێندراو بدەن و داوای ئازادکرانمان بکەن. داواش لەسەرجەم ڕاگەیێنە برواپێکراوەکان دەکەم کە بە بڵاوکردنەوەی ئەو پەیام و داواکارییەی من بە شێوەیەکی بەربڵاو، ئازار و کوڵەکانی منی زۆرلێکراو، بگەیێنن بە گوێی خەڵکی جیهان. محەممەدئەمین ئاگوشی بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە