شنۆ.. خوێندنی سروودی حیماسی، هونەرمەندێکی ڕەوانەی گرتووخانە کرد

٧ بەفرانبار ٢٧١٦، ٠٢:٠١
هەنگاو: هونەرمەندێکی کورد بە تاوانی کەڵکوەرگرتن لە ناوی گوندی قەرە سەقەل دەستبەسەر کرا. بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، ڕۆژی چوارشەممە ١ی بەفرانبار، هونەرمەندێکی کورد بە تاوانی ئەوەی کە لە ڕێوڕەسمێکدا لە ناوی گوندی قەرە سەقەل کەڵکی وەرگرتبوو و سروودێکی حیماسیی بۆ شەهیدانی پێشمەرگە لەو گوندە خوێندبوو دەستبەسەر کراوە. هەواڵنێری هەنگاو ناسنامەی ئەم هونەرمەندەی مەسعوود ئالانی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە ناوبرای کوڕی خالد و تەمەن ٣٠ ساڵ بووە. ئەو ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات کە مەسعوود ئالانی لە ڕێوڕەسمێکدا لە گوندی " دێ شەمس " ئەو سروودەی خوێندووە. بەهاری ئەمساڵ و پاش ڕاگەیاندنی ڕاسان لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە، پاش زیاتر لە دوو دەیە یەکەمین تێکهەڵچوونی قورس لەنێوان سوپای پاسداران و پێشمەرگەکانی کوردستاندا لە گوندی قەرە سەقەل ڕووی دابوو. یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئالانی بە هەواڵنێری "هەنگاو"ی ڕاگەیاند کە مەسعوود هەنووکە لە گرتووخانەی شنۆ ڕاگیراوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە