مەهاباد.. دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە

٧ بەفرانبار ٢٧١٦، ٢١:٥٢
هەنگاو:  لە درێژەی ڕەوتی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن دام و دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم، دوو لاوی دیکەی خەڵکی مەهاباد دەستبەسەر کران. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بەفرانبار، دوو لاوی کورد بەناوەکانی "یونێس سادق‌زادە" تەمەن ٢٥ سال و کوڕی عەبدوڵڵا و "حاتەم جەعفەری" تەمەن ٣٣ ساڵ و کوڕی حەمزە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کران. هەواڵنێری "هەنگاو" لەشاری مەهاباد ڕایگەیاند کە ئەو دوو هاووڵاتییە خزمی یەکتری بوون و کاتژمێر ١٢ی ڕۆژی یەکشەممە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزراونەتەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ هەبوونی مۆڵەتی یاسایی هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە و دواتر دەستبەسەریانیان کردووە. هەوڵەکانی بنەماڵەی ئەو دوو هاوولاتییە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە هۆکاری دەستبەسەرکران و شوینی ڕاگیرانیان هەتا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە