ماوەی حوکمەکەی والی دروودی لە زیندانیی هەتاهەتایی بۆ ٢٥ساڵ کەم کرایەوە

٩ بەفرانبار ٢٧١٦، ٢٢:٢٩
هەنگاو: والی دروودی، زیندانی سیاسیی کوردی خەڵکی کامیاران، کەوتووەتە بەر لێبوردن و ماوەی حوکمەکەی بۆ ٢٥ ساڵ زیندان کەم کراوەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، والی دروودی، زیندانی سیاسیی کورد کە زیاتر لە دوو دەیەیە لە گرتووخانەدایە، کەوتووەتە بەر لێبوردن . یەکێک لە نزیکانی ئەو زیندانییە کوردە بە هەواڵنێری "هەنگاو"ی راگەیاند  کە ماوەی حوکمەکەی والی دروودی کە لە گرتووخانەی یەزد ڕاگیراوە، لە زیندانی هەتاهەتاییەوە بۆ ٢٥ ساڵ زیندان کەم کراوەتەوە. دوو ساڵ پێش ئێستا کۆمیسیۆنی لێبوردنی پارێزگای یەزد ڕەزامەندی دابو وبە لێبوردنی والی دروودی، بەڵام دوای ئەوەی بەڕێکرایە سەرەوە لەلایەن ناوەندە پەیوەندییدارەکانی تاران ڕەتکرایەوە. والی دوروودی، بە تۆمەتی ئەندامەتیی لە حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیمی تاران دەستبەسەر و بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کرابوو. دروودی ١٢ی جۆزەردانی ساڵی١٣٧٥ ی هەتاوی دەستبەسەر و ئەو حوکمەی بەسەردا سەپێندرابوو. هەنووکە و پاش تێپەڕاندنی ٢١ ساڵ لە گرتووخانە،  حوکمەکەی بۆ ٢٥ ساڵ کەم کراوەتەوە.  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە