ناڕوونیی چارەنووسی ٣ هاووڵاتیی کورد پاش پێنج مانگ دەستبەسەری
١٠ بەفرانبار ٢٧١٦، ١٧:٠٠
هەنگاو: چارەنووسی ٣ چالاکی مەزهەبیی کوردی خەڵکی شاری پاوە، پاش تێپەربوونی ٥ مانگ لە دەستبەسەر کرانیان، هەروا بە ناڕوونیی ماوەتەوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەری مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، عادڵ عەلیزاده، سەید عەدنان حوسێنی و میلاد لوتفی، مانگی پووشپەری ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتیەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کران.
دەگوترێ، کە سەید عەدنان حوسێنی دووکانداری بازاڕچەی سنووریی پاوە، عادڵ عەلیزاده خەڵكی گوندی شمشیری پاوەو میلاد لوتفی کوری یەزدان پێدەچێ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ئێڤینی تاران لە دەستبەسەریدا بن.
ئەو سێ چالاکە مەزهەبییە، هاورێ لەگەڵ دڵشاد وەسیمی دەستبەسەر کرابوون و لە کاتێکدا دڵشاد لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج ئازاد کرا، کە بەهۆی ئەشکەنجەوە توانای رێگە رۆیشتنی نەبووە و تەنیا بە ویلچێر توانای جووڵەی هەبووە.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە دڵشاد وەسیمی پاش ئەوەی لە زیندان ئازاد بووە، بەهۆی فشاری ئەشکەنجەی لەڕادەبەدرەوەم کەسوکاری خۆی نەناسیوەتەوە.