پارێزگای سنە و ڕزگاریی ١٧ هاووڵاتیی مەحکووم بە ئیعدام

١٣ بەفرانبار ٢٧١٦، ١٥:١٩
هەنگاو: لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا،١٧ بەندکراوی مەحکووم بە لەسێدارەدان لە گرتووخانەکانی سنە، بە لێبوردنی سکاڵاکەر لە لەسێدارەدان ڕزگاریان بووە. بەپێی هەواڵی ناوەندە مافی مرۆڤییەکان، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، لێبوردنی بەندکراوانی تاوانبار بە کوشتنی بە ئەنقەست، بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. لێبوردنی بەندکراوانی تاوانبار بە کوشتنی بە ئەنقەست و حوکمدراو بە سێدارە، بە هەوڵی چالاکانی مەدەنیی کورد ڕووی لەزیادبوون کردووە. یەکێک لە چالاکانی مەدەنی کورد لەو بارەوە بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاوی ڕاگەیاند کە کوردستان لە بواری لێبوردنی تاوانباران و پێشکەشکردنەوەی دووبارەی ژیان پێیان، ئامارێکی جێگای دڵخۆشیی هەیە و توانراوە ئاشتیخوازبوونی گەلی کورد بەشێوەیەک پیشان بدات. چالاکانی مەدەنی لە هەوڵێکی بێ پسانەوەدان کە بتوانن لەو پێناوەدا چالاکیی زیاتر بنوێنن و ئاشتی و خۆشەویستی جێگیر بکەنەوە. لە نویترین حاڵەتدا، بەرەبەیانی دوێنێ، لایەنی سکاڵا، هێمن هەورامی نەژاد، کە بڕیار بوو لە سێدارە بدرێتیان لە تەنافی لەسێدارەدان ڕزگار کرد و بۆ جارێکی تر سەلماندیان کە کوردستان ئاڵاهەڵگری مرۆڤایەتی لە ناوچەی قڕلێدراوی ڕۆژهەڵاتی ناڤینە.   لینکی پەیوەندیدار: هێمن هەورامی نژاد لە بەردەم پەتی سێدارە بەخشرا

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە