لاوێکی سەڵماسی لە ژوورەتاکەکەسییەکانی ئیتلاعاتە و ئەو ناوەندە نکۆڵیی لێدەکات
١٣ بەفرانبار ٢٧١٦، ١٥:٣٨
هەنگاو: لاوێکی تەمەن ١٩ساڵانی کوردی خەڵکی سەڵماس ماوەی زیاتر لە دوو حەفتەیە دەستبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، خەلیل فەزڵی، کوڕی هاشم و خەڵکی سەڵماس، ماوەی زیاتر لە دوو حەفتەیە دەستبەسەر کراوە. ئەم لاوە کوردە سەرەڕای بەدواداچوونی زۆری بنەماڵەکەی و پێدانی بەرتیل بە بەرپرسانی ڕژیم، نەتوانراوە چاوپێکەوتنی لەگەڵ بکرێت.
یەکێک لە نزیکانی ئەو بنەماڵەیە لە وتووێژێکی تایبەتدا بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە بەرپرسانی ئیتلاعاتی سەڵماس وتوویانە لە خەلیل بۆ ئیتلاعاتی ئورمیە گوازراوەتەوە.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیمی ئێران لە ئورمیە، نکۆڵی لە دەستبەسەربوونی خەلیل لە ئیتلاعاتی ئورمیەدا دەکات.
سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بە بنەماڵەی خەلیل فەزڵی ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەتان لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە و لە دۆخێکی ناجێگیری جەستەیی و ڕۆحیدایە.
تاوەکوو بڵاوکردنەوە ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد بەفەرمی لەمەڕ چارەنووسی خەلیل بە بنەماڵەکەی نەدراوەتەوە.