نامەی سەرئاوەڵەی بەندکراوێکی کوردی مەحکووم بە سیێدارە بۆ ناوەندەکانی مافی مرۆڤ

١٥ بەفرانبار ٢٧١٦، ٢٢:٤٠
هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد کە سزای سێدارەی بەسەر دا سەپاوە، نامەیەک ڕوو بە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵادەکاتەوە و باس لە ئەشکەنجە کرانی دەکات لەپێناو وەرگرتنی لێدوانی درۆیین لە کاناڵی پرێس تیڤی و قوربانی بوونی خۆی دەکات. کەماڵ ئەحمەد نەژاد لە پاییزی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ ٥ هاوڵاتی دیکەی خەڵکی ئاوایی گامێشی گوڵی سەر بەناوچەی شاری میاندوواو بەناوەکانی "هەڵمەت عەبدوڵڵایی،سلێمان کوری،میلاد عەبدی،سەعید سیاهی و موستەفا تەها زادە،دوایی کوژرانی ئەندامێکی بەسیج بەناوە هاشم زەینالی دەستبەسر و دوایی ماوەی ٦ مانگ لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجە لە ژوورەتاکەکەسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ئورمیە بۆ زیندانی میاندوواو گوازرانەوە. کۆبونەوەی دادگایی ئەم ٥ هاوڵاتیە کوردە گەلاوێژی ئەمساڵ لە لقی یەکی دادگایی تاوانەکانی شاری میاندوواو ئەنجام درا و سەڕەڕایی هەبوونی شایەتحاڵ بۆ سەلماندنی بێ تاوانی ئەو 6 کەسە، بەڵام دادگا بێ بانکێشت کردنی شایەتحاڵەکان ڕایی خۆی ڕاگەیاند. بەپێی حوکمی ڕاگێندراو،کەماڵ ئەحمەدنەژاد وەکوو تاوانباری سەرەکی سزایی سێدارەی بەسەر دا سەپا و ٥ هاوڵاتی دیکە بە تاوانی بەشداری لە کوشتن ١٥ ساڵ بەندکرانیان بەسەر دا سەپا. چوار کەس لە بەندکراوان بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ مێلوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراون و هەنووکە کەماڵ بە هۆی حوکمی سێدارە و سلێمان کوری بەهۆی نەداری لە دانی بارمتە لە بەندیخانەی میاندوواو ڕاگیراون. دوایی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سزاکان،پەروەندە بۆ یەکێک لە لقەکانی دیوانی بەرزی وڵات لە شاری قوم نێردرا و لە حالی دانانی کات بۆ لێکۆڵینەوە دایە. دەقی تەواوی ئەم نامەیە کە لەلایەن تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاو کراوەتەوە لە خوارەوە دێت: لە ڕێکەوتی٣ ی بەفرانباری ساڵی ٩٣ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری میاندوواو دەستبەسەر کرام. ٢٤ کاتژمێر لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی میاندوواو لەژێر ئەشکەنجە دا بووم.بە هیچ شێوەیەک نەمدەزانی بۆچی دەستبەسەر کراوم. بە تاوانی درۆیینی لەلایەن بازپۆرسێکەوە و بە سفارشی وەزارەتی ئیتلاعات بە تاوانی کوشتنی ئەنقەست بڕیاری دەستبەسەر کرانم دراو ڕەوانەی ئیتلاعاتی شاری ئورمیە کرام. ماوەی 6مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیتلاعات لە ژێر ئەشکەنجە و لێکۆڵینەوە دا بووم. ژوورگەلێک بە ڕەنگی ترس و دڵتۆقێنەر. لە ڕاستیدا ئامانجی ئەم ژوورانە دروست کردنی ترس و دڵەراوکە و ناهومێدی و گرتنی ئیرادەی تاکەکانە. ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیتلاعات هەر هاووڵاتیەک دەکاتە مرۆڤێکی تاوانبار و بوکوژ. منیش لەم دەستوورە جیاواز نەبووم. بۆ ماوەی ٦ مانگ ئەشکەنجەی رۆحی و ڕەوانی و جەستەیی درام،ئەشکەنجەچیەکان تەنیا ئەرکیان ئەوە بو کە لە من بکوژێک و تاوانبارێک دروست بکەن. کەم کەم زانیم کە چ باسە و زانیم کە من لەگەڵ ٥ هاووڵاتی خەڵکی ئاوایی گامێشی گلی دەستبەسەر کراوین. ٣ کەس لەوان دوو مانگ پێش لەمن دەستبەسەر کرابوون.ئەگەر من ئەو کارەم کردووە بۆچی هیچ دژکردەوەم نیە،ڕۆژێ سەد جار لەژێر ئەشکەنجە دا ئاواتی مەرگم دەخواست،یەکسەر ڕەوانی ببووم.بۆچی من ئاخر؟؟ ڕێژەی ئەشکەنجەکان هەر ڕۆژ دەچووە سەرەوە،ئەشکەنجەکان لە مشت و لەقە گوزەرا بوو،هەڵواسین و قامچی بە کابل و شۆکی کارەبایی و هەڕەشەی هێنانی هاوژینەکەم بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و بێ حورمەتی پێکردن بە بنەماڵەم. هەرچی نکۆڵیم دەکرد کە من لەم بابەتە بێ ئاگام،ئەشکەنجەگەرەکە زۆرتر ئازاری دەدام و لە کۆتایی دا دانم بە تاوانێکدا کە نەمکردبوو نا و بە زۆر و لەژێر گوشار و هەڕەشەی کوشتن ناچار بە وت و وێژ لەگەڵ کەناڵی پرێس تیڤی کرام. دەقی وت و وێژەکە پێشتر لەلایەن لێکۆڵەرەکانم ئامادە کرابو وچەند رٶژ پێشتر لە ژێر ئەشکەنجە دا ناچر بە خوێندنەوەو ولەبەر کردنی بووم تا لە کاتی وتو وێژ دا هەمان دەق بڵێمەوە. لە کاتی وتو وێژ دا چەند جار لەم ئەنجامی ئەم کارە کشامەوە بەڵام دیسان ئەشکەنجە و هەڕەشەم لێ کرا. لە کۆتاییدا هیچ گرینگیەکە بە قسەکانی من لەکاتی لێکۆڵینەوە کان نەدرا و لە ڕۆژی دادگایی کردنیش دا قازی بە بێ گرینگی دان بە شایەتحاڵان و مەدارکەکان، تەنیا بە پشت بەستن بە وتەکانی ئیتلاعات،سزایی سێدارەی بەسەرمن دا سەپاند. هەر بۆیە ڕایدەگەیێنم کە من بێ تاوانم و هیچ کەسم نەکووشتووە و ئیدارەی ئیتلاعات و بنکەکانی تری ئەمنیەتی پارێزگا بەتەمای قوربانی کردنی منن. داوا لە خاتوو عاسمە جەهانگیر ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەم،بە هانای منەوە بێن و بەهەر شێوەیەک دەتوانن نەهێڵن کەمن ببمە قوربانی . کەماڵ ئەحمەدنژاد زیندانی میاندوواو

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە