سەرپێڵێ زەهاو.. دوو هاووڵاتیی کورد لەپێش چاوی خەڵک لەسێدارە دران +ناسنامە
١٩ بەفرانبار ٢٧١٦، ١٤:١٢
هەنگاو: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو سەر بەپارێزگای کرماشان لە پێش چاوی خەڵک لەسێدارە دران.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٩ی بەفرانبار، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد لە نزیک "پردی شۆڕش"ی شاری سەرپێڵی زەهاو و لەپێش چاوی خەڵک بەڕێوە چوو.
هەواڵنێری "هەنگاو" لەشاری سەرپێڵی زەهاو ناسنامەی ئەو دوو بەندکراوە کوردەی " س. کێشمەند" ئەفسەری خانەنشینی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم و " م . محەممەدی" ڕاگەیاند.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو کەسە هاوڕێ لە گەڵ ژنێکی ئیلامی ٢١ی گەلاوێژی ئەمساڵ بە تۆمەتی دزی چەکدارانە لە زێڕینگەرییەکی شاری سەرپێڵی زەهاو و هەروەها کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم دەستبەسەر و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی "هەنگاو"، لەسەرەتای ئەمساڵی زایینییەوە سزای سێدارەی ١٦ کەس لە گرتووخانەکانی ئێران بەڕێوەچووە کە لانیکەم ٤ کەسیان کورد بوون.
.