ڕاپۆرتی ئاماری ئێعدامی هاووڵاتیانی کورد لە ساڵی ٢٠١٦/ هەر مانگ ١٠ کەس لەسێدارە دراون
٢١ بەفرانبار ٢٧١٦، ١٤:٥٣
هەنگاو: لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا لانیکەم ١٠٩ هاووڵاتیی کورد لە گرتووخانەکانی ڕێژیم لەسێدارە دراون و بە شێوەیەکی نێونجی مانگانە سازی سێدارەی ١٠ هاووڵاتیی کورد بەڕێوە چووە.
بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، لەماوەی ساڵی ٢٠١٦ ی زایینی ١٠٩ هاووڵاتیی کورد لە ٢٠ گرتووخانەی ئێران لەسێدارە دراون.
تۆمەتی وەپاڵ دراو
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە،لە ساڵی رابردوودا ١ بەندکراوی سیاسی و ٢٢ بەندکراوی مەزهەبی کورد لە گرتووخانەکانی ئورمیە و ڕەجایی شاری کەرەج لەسێدارە دراون.
زیاتری ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لەسێدارە دراون بە هۆی "تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە سڕکەرەکان" بووە کە ٦٦ حاڵەت تۆمار کراوە. ١٤ حاڵەت بە تۆمەتی "قەتڵ"، ٣ حاڵەت بە تۆمەتی "دەستدرێژیی سێکسی" و ٢ حاڵەتیش بە تۆمەتی محاربە" یان دژایەتی خودا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە و سزاکەیان جێبەجێ کراوە.
لە حاڵەتێکدا تۆمەتی وەپاڵ دراوی ئەو کەسەی کە لەسێدارە دراوە ڕوون نەبووەتەوە.
هێڵکاری ١
لەسێدارە دانی هاووڵاتیانی کورد بە پێی پارێزگاکان
بە پشت بەستن بەو ئامارانەی کە تۆمار کراون، ٦٤ هاووڵاتی لە پارێزگای ئورمیە، ٣١ کەس لە پارێزگای سنە، ٨ کەس لە پارێزگای کرماشان، دوو کەس لە کوردەکانی خۆراسان و ١ کەسیش لە کوردەکانی قەزوێن لەسێدارە دراون .
زیاترین ئاماری لەسێدارەدانی هاوولاتیانی کورد لە شاری ئورمیە تۆمار کراوە کە ٤١ حاڵەت بووە، شاری سنە بە ٢٤ حاڵەت، سەردەشت بە ٧ حاڵەت، سەقز بە ٦ حاڵەت و سەڵماس بە ٥ حاڵەت دوای ئورمیە زیاترین ڕێژەی لەسێدارەدانی هاووڵاتیانیان تێدا تۆمار کراوە.
هێڵکاری ٢
لەسێدارەدانی هاووڵاتیانی کورد لە پێش چاوی خەڵک
بە پشتبەستن بەم ڕاپۆرتە، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی ٥ هاووڵاتیی کورد لەشارەکانی، ڕوانسەر، کرماشان، مەشهەد، سونقوڕ و ئیلام لەپێش چاوی خەڵک بەڕێوە چووە و ١٠٤ حاڵەتیش لە ٢٠ گرتووخانەی ئێران تۆمار کراوە.
گرتووخانەکانی ئورمیە و کەرەج کوشتنگەی بەندکراوانی کورد
ئەو ئامارانەی کە لە ماڵپەڕی "هەنگاو" تۆمار کراون دەرخەری ئەوەن کە ٤٣ حاڵەتی لەسێدارەدانی هاووڵاتیانی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە بەرێوە چووە، دوای گرتووخانەی ئورمیە گرتووخانەی کەرەج بە ٢٥ حاڵەت و گرتووخانەی سەڵماس بە ٧ حاڵەت زیاترین رێژەی لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی کوردیان تێدا تۆمار کراوە.
ناسنامە و هەروەها رێکەوتی لەسێدارەدانی ١٠٨ هاووڵاتی کورد لە ناوەندی ئاماری "هەنگاو "هەیە و تەنیا ناوی یەک کەس کە لە دوایین ڕۆژەکانی ساڵی ٢٠١٦ و لەپێش چاوی خەڵکی ئیلام لەسیدارە درا، بۆ "هەنگاو" و سەرچاوەکانی دیکەی هەواڵ ڕوون نەبووەتەوە.
کەڵک وەرگرتن لەم ئامارە بە هێنانی ناوی سەرچاوە(هەنگاو) رێگە پێدراوە.