ئورمیە.. هاووڵاتییەکی کورد لەسێدارە درا

٢٢ بەفرانبار ٢٧١٦، ١٨:٤٣
هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی میاندواو لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە لەسێدارە درا. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی بەفرانبار، سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد بەناوی "ناسر سولتانی" لەگرتووخانەی ناوەندیی ئورمیە بەرێوە چوو. هەواڵنێری "هەنگاو" وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە رایگەیاند کە ناسر سولتانی خەڵکی ناوچەی موکریانی میاندواو بووە. ئەو هاووڵاتییە کوردە پێشتر بە تۆمەتی "قەتڵی ئەنقەست" لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوو هاوولاتی دیکە کە ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێ کردنی سزاکەیان لەگەڵ ناسر سولتانی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون، بەشێوەیەکی کاتی و هەتا ٢٠ ڕۆژی دیکە بەڕێوەچوونی سزاکەیان خرایە دواوەوە. ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بە ناسنامەی "زەهرا محەممەد پوور" خەڵکی مەهاباد" و "محەممەد ڕەسووڵ  هەشتیانی" خەڵکی ئورمیە بە ڕەزامەندی بنەماڵەی کوژراوەکان  لەسەر ئەوەی کە هەتا ٢٠ ڕۆژی دیکە خوێنبایی بدەن، بەڕێوەچوونی سزاکەیانخرایە دواوەوە.  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە