دۆخی تەندروستیی بەندکراوێکی مەزهەبیی کورد پاش ١٨ ڕۆژ مانگرتن، ناجێگیرە

٢٤ بەفرانبار ٢٧١٦، ٠٠:٥٠
هەنگاو: فواد یووسێفی بەندکراوی مەزهەبیی خەڵکی شاری سنە، پاش ١٨ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن، بەهۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستیی، ڕەوانەی بەشی دەرمانیی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج کراوە. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "هەنگاو"، فواد یووسێفی بەندکراوی مەزهەبیی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەهەمبەر دژایەتیی بەرپرسانی قەزایی ڕێژیمی ئێران لەمەڕ "پێنەدانی مەرەخەسیی پزیشکی و نەبوونی توانای تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی" لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٦ی بەفرانبارەوە، مانی لە خواردن گرتووە. ماڵپەڕی "مافی مرۆڤی لە ئێران" بڵاوی کردەوە، هەنووکە پاش تێپەڕبوونی هەژدە ڕۆژ بەسەر ڕاگەیاندنی مانگرتنی فواد یووسێفی، دۆخی تەندروستیی ناوبراو ناجێگیرە و هەتا ئێستاش بەرپرسانی دەزگای "قەزایی" ڕێژیم و زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، لەهەمبەر دۆخی ئەو زیندانییە مەزهەبییە، هیچ چەشنە پەرچەکردارێکیان نیشان نەداوە. ناوبراو هەتا ئێستا چەندین جار لە ڕێگەی یاسایی‌یەوە بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی داوای مەرەخەسیی کردووە، بەڵام داواکەی بێ وەڵام ماوەتەوە. فواد یووسێفی لەم چەند مانگەی دواییدا بەهۆی جۆرێک نەخۆشیی دەروونی کە ماوەیەکی دوور و درێژە تووشی بووە، ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە، بەڵام بەبێ هیچ چەشنە پێڕاگەیشتنێکی پزیشکی، گەڕێندراوەتەوە زیندان. ئەو زیندانییە مەزهەبییە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شار سنەوە دەستبەسەر و سزای هەشت ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا. ناوبراو شەش ساڵە لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بە بێ مافی مەرەخەسی ڕاگیراوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە