سەعید شێرزاد بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا

٢٤ بەفرانبار ٢٧١٦، ٠١:٣٤
هەنگاو: سەعید شێرزاد، زیندانیی سیاسیی کورد، لە ٣٧مین رۆژی مانگرتنەکەیدا، بەهۆی تێکچونوی باری تەندروستییەوە رەوانەی نەخۆشخانە کرا. بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، سەعید شێرزاد بەهۆی مانگرتنی ٣٧ رۆژەی خۆیەوە، تووشی دابەزینی لەرادەبەدەری کێشی لەش و هەروەها دابەزینی زەختی خوێنیش بووە و ئەمڕۆ بە مەبەستی چارەسەری رەوانەی نەخۆشخانەی "ئیمام خومەینی" شاری تاران کرا. سەعید شێرزاد بۆ پشتیوانی لە خواستی زیندانیانی مانگرتووی دیکە لە ئێران، ماوەی ٣٧ رۆژە وێڕای دورینەوەی لێوەکانی خۆی، مانی لەخواردن گرتووە. رۆژی چوارشەمە ٢٢ی بەفرانبار، بەهۆی ئاسەواری مانگرتنەوە گواراوەتەوە بۆ بێهداریی ناو زیندان و سەرەڕای خراپیی باری تەندروستی، رێگریی لە لێدانی سیرۆم کردووە. هەنووکە ژمارەیەکی بەرچاو لە زیندانیانی سیاسیی کورد و ئێرانی بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی خراپی زیندان، حوکمی ناعادڵانە و زیندانیی درێژ ماوە، لە زیندانەکانی رژیمی ئێراندا مانیان لەخواردن گرتووە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە