دەستبەسەر کران و گوێزرانەوەی ٣ هاووڵاتی خەڵکی شنۆ بۆ ئیتلاعاتی ئورمیە
٢٤ بەفرانبار ٢٧١٦، ٠١:٥٨
هەنگاو: سێ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ کە سەرەتای بەفرانبار دەستبەسەر کرابوون بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گوێزرانەوە.
بەپێی راپۆرتری "هەنگاو"، ئەو سێ هاووڵاتییە سێ حەفتە بەر لەئێستا و لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران دەستبەسەر و پاش دوو حەوتوو ناڕوون بوونی چارەنووسیان گوێرانەتەوە بۆ ئیتلاعاتی ئورمیە.
هەواڵنێری "هەنگاو" لەشاری شنۆ ناسنامەی ئەو سێ هاووڵاتییە "سۆران سەلامەت" تەمەن ٢٨ ساڵ و کوڕی ئەبووبەکر، "هەژار شایر" تەمەن ٢٨ ساڵ و مامۆستای قوتابخانە و براکەی بەناوی "رەسووڵ شایر " تەمەن ٢٢ ساڵ راگەیاندووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەتا ئێستا هۆ یان هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە ڕوون نەبووەتەوە وئیدارەی ئیتلاعاتی ئیزنی نەداوە کە بە دانانی بارمتە ئازاد بکرێن.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری "هەنگاو"، لەسەرەتای ئەمساڵەوە (١٣٩٥ی هەتاوی) دەیان هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کراون کە ناسنامەی ٢٠ کەسیان بۆ "هەنگاو" روون بووەتەوە.