شەهلا موحەممەدیانی هەشت ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە

٢٥ بەفرانبار ٢٧١٦، ٠٢:١٨
هەنگاو: شەهلا موحەممەدیانی زیندانیی سیاسیی کوردی بەندکراو لە زیندانی تەورێز، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەهەمبەر دەستبەسەرکرانی براکەی، مانی لە خواردن گرتووە. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "هەنگاو"، شەهلا محەممەدیانی تەمەن ٢٨ ساڵ، زیندانیی سیاسیی کورد لە ڕۆژی هەینی رێکەوتی ١٧ بەفرانبارەوە دەستی داوەتە مانگرتن. هەواڵنێری "هەنگاو" ڕایگەیاند، شەهلا بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەهەمبەر دەستبەسەرکرانی براکەی بەناوی "هێمن محەممەدیانی" مانی لە خواردن گرتووە و راشیگەیاندووە هەتا کاتێک چارەنووسی براکەی ناڕوون بێت، ئامادە نییە دەستبەرداری مانگرتنەکەی بێت. هێمن محەممەدیانی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٥ی بەفرانبار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە مەهاباد دەستبەسەر کرا و هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە. شەهلا محەممەدیانی یەکەم ڕۆژی مانگی خەرمانانی ١٣٩٤ی هەتاوی دەستبەسەر و ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەزی ئەمساڵ بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی و پڕوپاگەندە دژی نیزام" لەلایەن لقی یەکەمی "دادگای ئینقلابی مەهاباد"ەوە حوکمی چوار ساڵ زیندان و دوورخستنەوەی بۆ زیندانی تەورێزی بەسەردا سەپا. ناوبراو پاش دەستبەسەرکران بۆ ماوەی ٦٧ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد لەژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنیەتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتدا بووە. شەهلا محەممەدیانی پاش تێپەڕبوونی چوار مانگ لە ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی مەهاباد و پەسندکرانی لەلایەن "دادگای پێداچوونەوە"وە، لەمەڕ تێپەڕکردنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی تەورێز دوور خرایەوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە