لە سێدارەدانی زیندانییەکی کورد لە زیندانی کەرەج

٢٥ بەفرانبار ٢٧١٦، ٢٢:٠٦
هەنگاو: زیندانییەکی کوردی خەڵکی کرماشان، بە تۆمەتی "بازرگانی‌کردن بە ماددە هۆشبەرەکان" لە زیندانی ناوەندیی شاری کەرەج لە سێدارە درا. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "هەنگاو"، زیندانییەکی کوردی خەڵکی کرماشان بەناوی محەممەد سلێمانی، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی بەفرانبار لە زیندانی ناوەندیی شاری کەرەج ئیعدام کرا. محەممەد سلێمانی ساڵ و نیوێک پێش ئێستا بە تۆمەتی "بازرگانی‌کردن بە ماددەی هۆشبەر" لەلایەن هێزەکانی "ئیدارەی بەرەنگاریی ماددە هۆشبەرەکان"ەوە دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو تەنیا بە دانپێدانانی تاوانبارانی دیکەی ئەو پەروەندەیە حوکمی ئیعدامی بەسەردا سەپاوە و خۆی هیچکام لەو تۆمەتانەی قەبووڵ نەکردووە. محەممەد سلێمانی کە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانبار بە مەبەستی لە سێدارەدان بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی کەرەج ڕاگوێزرابوو، بڕیار بوو ڕۆژی سێ‌شەممە حوکمەکەی جێبەجێ بکرێ، بەڵام بەهۆی "مردنی هاشمی ڕەفسەنجانی"، جێبەجێ‌کردنی حوکمەکەی دواخرابوو. لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی "هەرانا" ئەمڕۆ هەواڵی لە سێدارەدانی ١٥ کەسی دیکەی لە زیندانەکانی کەرەج، قەزوێن و ساری بڵاو کردەوە کە بە تۆمەتی جۆراوجۆری وەکوو" قەتڵ، ماددەی هۆشبەر و دزی" حوکمی ئیعدامیان بەسەردا سەپابوو. بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی هەنگاو، ساڵی ٢٠١٦ی زایینی ١٠٩ هاووڵاتیی کورد لە ٢٠ گرتووخانەی ئێران بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە سێدارە دراون.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە