٢١ ڕۆژ مانگرتن و کەمکردنی ١٢ کیلۆ کێش و درێژەی مانگرتنی زیندانییەکی کورد

٢٦ بەفرانبار ٢٧١٦، ٢٠:٣١
هەنگاو: زیندانییەکی مەزهەبیی کورد لە گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ماوەی ٢١ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە. بەپێی هەواڵی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، فواد یووسفی، زیندانیی مەزهەبیی کوردی بەندکراو لە گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج، ٢١ ڕۆژ پێش ئێستا بەهۆی پێنەدانی مافی مەرەخەسیی پزیشکی مانی لە خواردن گرت. هەنووکە و لە ٢١ـەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا دۆخی جەستەیی ناجێگیرە و دەگوترێ کە ١٢ کیلۆ کێشی دابەزیوە. ناوبراو بەهۆی ناجێگیربوونی دۆخی جەستەیی ٣ ڕۆژ پێش ئێستا بۆ ناوەندی دەرمانیی گرتووخانە گوێزرابووە. یووسفی هەتا ئێستا چەندین جار لە ڕێگەی یاسایی‌یەوە بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی داوای مەرەخەسیی کردووە، بەڵام داواکەی بێ وەڵام ماوەتەوە. فواد یووسفی لەم چەند مانگەی دواییدا بەهۆی جۆرێک نەخۆشیی دەروونی کە ماوەیەکی دوور و درێژە تووشی بووە، ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە، بەڵام بەبێ هیچ چەشنە پێڕاگەیشتنێکی پزیشکی، گەڕێندراوەتەوە زیندان. ئەو زیندانییە مەزهەبییە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شار سنەوە دەستبەسەر و سزای هەشت ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا. ناوبراو شەش ساڵە لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بە بێ مافی مەرەخەسی ڕاگیراوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە