نەتەوە یەکگرتووەکان داوای هەڵوەشانەوەی سزای سێدارەی لاوێکی کورد دەکات + ئامار

٢٩ بەفرانبار ٢٧١٦، ١٥:٢٤
هەنگاو: کۆمیسێری باڵای مافەکانی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە بەرپرسانی ئێرانی کردووە کە سزای سێدارەی لاوێکی کورد بە ناوی سەجاد سەنجەری هەڵوەشێننەوە. بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، ڕۆپێرت کڵۆیڵ وتەبێژی کۆمیساریای باڵای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان  لە دانیشتنێکی ئەو ڕێکخراوە کە ڕۆژی ١٧ی ژاڤیە ( ٢٨ی بەفرانبار) لە ژنۆ بەرێوە چوو، خوازیاری هەڵوەشانەوەی سزای سێدارەی سەجاد سەنجەری بووە. ئەو لاوە کوردەی خەڵکی کرماشان، ساڵی ٩٠ بە چەکی سارد هاووڵاتییەکی دیکەی کە ویستبووی دەستدرێژی بکاتە سەری کوشتبوو و لەلایەن دادگای ئەو شارەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. سەنجەری ساڵی ٩٣ سەر لەنوێ دادگایی کرایەوە، بەڵام دادگای تاوانەکانی کرماشان وتەکانی ناوبراوی لەمەڕ هەوڵی کەسی کوژرو بۆ دەستدرێژی کردنە سەری ڕەتکردەوە و دیسان سزای سێدارەی دەرکردەوە. ئەو سزایە ئەمساڵ لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پەسەند و ئەگەری زۆرە کە بە زوویی بەرێوە بچێت. ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە یاسا نێو دەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی لەمەڕ دەرکردنی سزای سێدارەی بۆ کەسانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ پەسەند کردووە، بەڵام هێشتا ئەو سزایانە بەڕێوە دەبات و یاساکانیش پێشێل دەکات. بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری "هەنگاو"، لەئێستادا لانیکەم ١٧ لاوی کورد لە گرتووخانەکانی ئێران چاوەڕوانی بەرێوەچوونی سزای سێدارە دەکەن. لەماوەی چەند مانگی رابردوودا سێ لاوی دیکەش بە ناوەکانی ئازاد محەممەد زادە خەڵکی سەقز، هێمن هەوورامی نژاد و یاسوەش مەعموودی خەڵکی سنە سزای سێدارەکەیان هەڵوەشاوەتەوە.  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە