سێ بەندکراوی کورد گەڕێندرانەوە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج

١ ڕێبەندان ٢٧١٦، ٠٠:٤١
هەنگاو: سێ بەندکراوی سیاسیی کورد کە پێشتر بە مەبەستی ڕاگواستنیان بۆ زیندانی شارەکانی خۆیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوون، گەڕێندرانەوە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی “هەنگاو”، سێ زیندانیی سیاسیی بەندکراو لە بەندی ٤ی هۆڵی ١٢ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج،  ڕۆژی ٢٨ی بەفرانبار کە بەپێی فەرمانی بەرپرسانی زیندان بۆ شوێنێکی نادیار  ڕاگوێزرابوون، دیسان گەڕێندراونەتەوە نێو زیندان. ناوی ئەو زیندانییانە “عومەر فەقیهـ پوور” خەڵکی مەهاباد، “محەممەد نەزەری” خەڵکی ساین قەڵا و “خالید فەرەیدوونی” خەڵکی مەهاباد کە هەر سێکیان سزای زیندانی هەتاهەتایی‌یان بەسەردا سەپاوە، بڕیار بووە بۆ زیندانی شارەکانی خۆیان ڕایان بگوێزن کە بە بیانووی ون بوونی پەروەندەکانیان ئەو ڕاگواستنە جێ‌بەجێ نەکراوە و گڕێـندراونەتەوە زیندانی ڕەجایی شار. ئەو زیندانییە سیاسییانە کە بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” دەستبەسەر کرابوون، لە “دادگاکان”ی ڕێژیمی ئێران سزای قورسیان بەسەردا سەپاوە. پێشتر ماڵپەڕی هەنگاو هەواڵی ئەگەری ڕاگواستنی ئەو زیندانییانەی بڵاو کردبووەوە و نووسیبووی، ئەو سێ زیندانییە سیاسییە چەندین جار داوای ڕاگواستنیان بۆ زیندانی شارەکانی خۆیان کردووە کە لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە ڕەت کراوەتەوە. ئەو سێ زیندانییە کە پێشتریش لەمەڕ ڕاگواستنیان بۆ زیندانی شارەکانی خۆیان، چەندین نامەیان ئاراستەی بەرپرسانی زیندان کردووە، هەتا ئێستا لە هەر چەشنە مەرەخەسییەک بێ‌بەش کراون. خالید فەرەیدوونی و عومەر فەقیهـ پوور ساڵی ١٣٧٩ دەسبەسەر کراون و دواتر سزای قورسی زیندانی هەتاهەتایی‌یان بەسەردا سەپا و لە کۆتاییشدا بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگوێزران. محەممەد نەزەری کە حوکمی زیندانی هەتاهەتاییی بۆ بڕاوەتەوە، ٢٣ ساڵە لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئێران دایە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە