دۆخی بەندکراوێکی سیاسی کورد لە کرماشان نالەبارە

٣ ڕێبەندان ٢٧١٦، ١٤:٤٨
هەنگاو: بەندکراوێکی کوردی خەڵکی کرماشان  چەندین جار کەوتووەتە بەر لێدان و کوتانی بەرپرسانی گرتووخانەی کرماشان و لەمافی دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی بێ بەش کراوە. بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو" و بە پشتبەستن بە "ماف نیوز"، نێعمەت فەتحی بەندکراوی سیاسی خەڵکی کرماشان لە گرتووخانەی دێزڵئاوای کرماشان کەوتووەتە بەر لێدان و کوتان و لەماوەی ڕاگیرانیدا لە گرتووخانە تەنیا یەک جار و بۆ ماوەی یەک عەفتە مافی جاوپێکەوتنی لەگەل بنەماڵەکەی پێدراوە. نێعمەت فەتحی ڕۆژی ٢٤ی جۆزەردانی ١٣٩٢ لە شاری کرماشان هاوڕێ لەگەڵ دوو کەسی دیکە بەناوەکانی موحسین خودابەندەلوو خەڵکی سەحنە وکیانووش ڕوستەمی خەڵکی کرماشان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا. ئەو کات ناوبراو بۆ ماوەی ٩ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان راگیرابوو و بەردەوام لەژێر ئەشکەنجەدا بووە. ئەو هاووڵاتییە کوردە کە پێڕەوی ئایینی یارسانە بە تۆمەتی " ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران" لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی کرماشان لە ڕەشەممەی ١٣٩٣ی هەتاویدا سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. ئەو حوکمە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کرماشانەوە وەک خۆی پشتراست کرایەوە. ناوبراو هەروەها بە تۆمەتی " بێ رێزی بە رێبەری ئێران" سزای ٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا و لە نێو زیندان لەسەر ئەو تۆمەتە کەوتووەتە بەر لێدان و کوتان. بەپێی یاسای نوێی تاوانەکان ئەگەر کەسێک تاوانبار لەسەر چەند تاوان سزای زیندانی بەسەردا بسەپێندریت، تەنیا ئەو سزایەی کە زیاترە جێ بەجێ  دەکرێ.  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە