نیگەرانیی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە دۆخی نالەباری تەندروستیی کەیوان کەریمی

١٠ ڕێبەندان ٢٧١٦، ٠٠:٣٥
هەنگاو: لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا وێڕای هێما بە دۆخی نالەباری دەرهێنەری کورد کەیوان کەریمی لە زیندانی ئێڤین، خوازیاری پێڕاگەیشتن بە دۆخی ئەو دەرهێنەرەیە. لێبوردنی نێودەوڵەتی لەو بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٨ی بەفرانبار بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە: کەیوان کەریمی زیندانیی کورد تووشی نەخۆشیی "برۆنچیت" و "هەوی سییەکان" بووە و سەرەڕای پێویستیی خێرا بە پێڕاگەیشتنی پزیشکی لە دەرەوەی زیندان، بەهۆی پێشگیریی بەرپرسانی زیندان لەو مافە بەری کراوە. ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەو بەیاننامەیەدا نووسیویەتی، زۆربەی زیندانییانی سیاسی لە مافی پێڕاگەیشتن و چارەسەریی پزیشکی بێ‌بەش کراون و ئەو کارەی بەرپرسانی زیندان بە ئەنقەست و بێ‌بەزەیی‌یانەیە و مەبەستی دروست کردنی کەشی ترس و تۆقاندن، یان ناچارکردنی زیندانییان بە دانپێدانانی زۆرەملێ ئەنجام دەدرێت. کەیوان کەریمی دەرهێنەری کوردی بەندکراو لە بەندی هەشتی زیندانی ئێڤین، لە چەند مانگی ڕابردوودا بەهۆی خوێنڕێژیی سییەکانییەوە چەندین جار ڕەوانەی بەشی دەرمانیی زیندان کراوە و پزیشکەکان پێویستیی چارەسەریی ناوبراویان لە نەخۆشخانە بە بەرپرسانی زیندان ڕاگەیاندووە، بەڵام دەزگای "قەزایی"ی ڕێژیمی ئێران خۆی لە ناردنی ئەو زیندانییە بۆ نەخۆشخانە بواردووە. بە سەرنجدان بە کۆخە خوێنینەکان و هەوکردنی لە ڕادەبەدەری سییەکانی، نەخۆشیی ئەو هونەرمەندە کوردە ڕووی لە زیاد بوونە و بەپێی لێکدانەوەی پزیشکان دەبێ چارەسەریی خێرای پزیشکی بۆ ئەو زیندانییە ئەنجام بدرێت. کەیوان کەریمی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەز، بانگهێشتی "بەشی جێبەجێ کرانی سزاکانی دادسەرا"ی ئێڤین کراوە و بۆ جێبەجێکرانی سزاکەی دەسبەسەر کرا، ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی سەرماوەز، پاش هەژدە مانگ دەسبەسەرکران لە قەرەنتینەی بەندی چواری زیندانی ئێڤینەوە بۆ بەندی هەشتی ئەو زیندانە ڕاگوێزرا. کەیوان کەریمی ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام و بێ‌حورمەتی بە پیرۆزییەکان"، سزای ٦ ساڵ زیندانی تەعزیزی و لێدانی ٢٢٣ قامچیی بەسەردا سەپا کە ئەو سزایە لە دادگای پێداچوونەوە بۆ یەک ساڵ زیندانی تەعزیزی و پێنج ساڵ زیندانی هەڵواسراو کەم کرایەوە. هۆکاری ئەو حوکمە بەهۆی دروستکردنی دیکۆمێنتاریک سەبارەی بە مێژووی دیوارنووسینەکان و گرافیتەکانی شاری تاران لەژێر ناوی "نووسین لە شاردا" بوو. لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕێکەوتی ١٢ی سەرماوەز بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، وێڕای ئاماژە بە دەسبەسەرکرانی کەیوان کەریمی لەمەڕ بەڕێوەچوونی خێڕای سزای لێدانی قامچیی ئەو دەرهێنەرە کوردە، نیگەرانیی خۆی دەربڕیبوو و خوازیاری ڕاگیرانی خێرای ئەو حوکمە بوو. کەیوان کەریمی یەکەم جار سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی دەسبەسەر و لێکۆڵینەوەی لێ کرا.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە