حاسڵ عەزیزی لە گرتووخانەی ئورمیە کەوتە بەر لێدان و کوتان

١٠ ڕێبەندان ٢٧١٦، ٠٠:٥١
هەنگاو: هێزە ئیتلاعاتییەکانی گرتووخانەی ناوەندیی ئورمیە حاسڵ عەزیزی، بەندکراوی سیاسی کوردیان دایە بەر لێدان و کوتان. بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، هێزە ئیتلاعاتییەکانی گرتووخانەی ئورمیە، ڕٶژی ڕابردوو حاسڵ عەزیزی بەندکراوی سیاسی کوردیان بانگهێشت و بەرەوڕووی  لێدان و کوتانیان کردووەتەوە. بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو بەندکراوە کوردە، هێزە ئیتلاعاتییکانی گرتووخانەی ئورمیە بە هۆی بڵاوبوونەوەی هەواڵێ دەرچوونی سزای سێدارە و زیندانی دریژماوە بۆ خۆی و ٦ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شنۆ، ، ناوبراویان بانگهێشت کردووە و داویانەتە بەر کوتان و لێدان. حاسڵ عەزیزی لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی و کوڕی ئیبراهیم، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی بەفرانباری ئەمساڵ لەلایەن داگای شۆڕشی شاری ئورمیوە سزای ٢٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا. ناسنامە و حوکمی دەرکراو بۆ هەرکام لەو هاووڵاتییانە بەم چەشنەیە: – هیدایەت عەبدوڵاپوور، سزای سیدارە – حاسڵ عەزیزی، ٢٥ ساڵ بەندکران – محەمەدزاهیر فەرامەرزی، ٢٠ ساڵ بەندکران – یەعقووب بائەکرام، ١٥ ساڵ بەندکران – جەلال مەسرووری، ١٥ ساڵ بەندکران – کەمال مەسرووری،١١ ساڵ بەندکران – سدیق بائەکرام، ١٠ ساڵ بەندکران ئەو حوکمانە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ورمێ و بە تۆمەتی “هاوکاریی پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران” بۆ ئەو حەوت هاووڵاتییە کوردە دراوە. ئەو حەوت هاووڵاتییە کورد دانیشتووی گوندی “قەرەسەقەل”ی سەر بە شنۆن کە تێیدا بەهاری ساڵی پێشوو لە نێوان سوپای پاسداران و پێشمەرگەکانی (حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران) تێکهەڵچوون ڕووی دا و شەش پیشمەرگەی (حدکا) شەهید و جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی شنۆ و چەندین ئەندامی دیکەی خۆجێی سوپا کوژران و پاشان سوپای پاسداران بەشێک لە خانووی دانیشتوانی گوندەکەی وێران کرد.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە