گیان لەدەستدانی دوو کرێکاری کورد بەهۆی هاتنی ڕنوو لە ناوچەی هەورامان
١١ ڕێبەندان ٢٧١٦، ٢٣:٤٢
هەنگاو: دوو کرێکاری ئیدارەی بەرقی شارستانی سەوڵاوا بەهۆی هاتنی ڕنوو لە گوندی "دەرەکێ"ی ناوچەی هەورامان، گیانیان لە دەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، پەیام محەممەدی و داریووش شوکری دوو کرێکاری ئیدارەی بەرقی سەوڵاوا، ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ١١ی بەفرانبار، کەوتنە ژێر ڕنووی بەفر و لە ئەنجامدا گیانیان لە دەست دا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو ڕووداوە لە شوێنێک بەناوی "هەزارانی" لە نزیک گوندی دەرەکێ هاتوووەتە ئاراوە.
پەیام و داریووش خەڵکی گوندی "چەشمیەر"ی سەربە شارستانی سەوڵاوا بوون.
ئەو شوێنە کە ئەو دوو کرێکارە گیانیان لە دەست داوە، بە "هەرەسگەی هەزارانی" ناسراوە و هەموو ساڵێک بە هۆی هاتنی ڕنوو چەندین هاووڵاتی دەبنە قوربانی.
لەو پێوەندییەدا هاتنی ڕنوو لە دەوروبەری گوندی "بێورانی سەروو" سەربە شاری سەردەشت، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی بەفرانبار، بووە هۆی گرفتاربوونی ١٦ کۆڵبەری کورد و لە ئەنجامدا ٤ کەس لەو کۆڵبەرانە گیانیان لە دەست دا.
شێرزاد عەبدوڵڵاهی ٢٧ ساڵە و خەڵکی سەردەشت، هیوا ئیبراهیمینیا ٢٢ ساڵە و خەڵکی بانە، محەممەد حەمزەزادە ٢١ ساڵە و خەڵکی مەهاباد و عەلی محەممەدنژاد ١٨ ساڵە و خەڵکی سەردەشت، ناوی ئەو کۆڵبەرانەیە کە لەو ڕووداوەدا گیانیان لە دەست داوە.