ژن و مێردێکی کورد لە دێولان دەستبەسەر کران

١٢ ڕێبەندان ٢٧١٦، ٠٠:٤٠
هەنگاو: هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری دێولان، ژن و مێردێکی کوردیان وێڕای بێ‌حورمەتی و لێدان، دەستبەسەر کرد. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری دێولان ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ١١ی بەفرانبار، هێرشیان کردە سەر ماڵی "پەروانە حوسێن‌پەناهی" و دەستبەسەریان کرد. بەوتەی یەکێک لە نزیکانی پەروانە حوسێن‌پەناهی، هێزەکانی ئیتلاعات پاش هەڕەشە و بێ‌حورمەتی کردن، وێڕای تێکدانی کەلوپەلی ماڵەکەی، ناوبراو لە پێش چاوی بنەماڵەکەی دەستبەسەر دەکەن. ئەو سەرچاوە ئاشکراشی کرد، "ئێقباڵ حوسێن پەناهی" پاش ئاگاداربوون لە دەستبەسەرکرانی خێزانی، سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولان دەکات کە ئەویش لەلایەن هێزەکانی ئەو ئیدارەیەوە دەستبەسەر دەکرێت. "پەروانە حوسێن پەناهی" پێشتر سزای سێ ساڵ زیندانی هەڵواسراوی بەسەردا سەپابوو و هەروها کوڕێکیشی بەناوی "سیروان" بەهۆی ئەنجامدانی چالاکیی مەدەنی لە زینداندا بوو و ماوەیەک پێش ئێستاش کوڕێکی دیکەی بەناوی "پوویا" لە زیندان ئازاد کرا. بنەماڵەی حوسێن پەناهی، پێشتر چەندین جار بە نووسینی نامە بۆ ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و لەوانە ئەحمەد شەهید، رێپۆرتێری تایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور و باقیی ناوەندە داکۆکیکارەکانی مافی مرۆڤ،خوازیاری هەوڵی ئەو ناوەندانە لەمەڕ ڕاگیرانی گوشارەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و ناوەندە ئەمنیەتییەکان بۆسەر بنەماڵەکەیان بوون.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە