بەرپرسانی سپا فەرماندەرانی سزای قورسی گیراوانی قەرەسەقەلن

١٣ ڕێبەندان ٢٧١٦، ٠٢:٢٥
هەنگاو: مەڵپەڕی هەنگاو ناسنامەی پشتی پەردەی سزای قورسی گیراوای "قەرەسەقەل" شنۆی ئاشکرا کرد. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، عابیدی فەرماندەی سپا و حاجی خدر بەرپرسی ئیتلاعاتی سپای شاری شنۆ، فەرمانی سزای قورسی گیراوانی "قەرەسەقەل"یان دەر کردووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، حەوت هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ ماوەیەک پێش ئێستا لەلایەن "دادگای ئیقلاب"ی شاری ئورمیەوە سزای قورسی زیندانی و سێدارەیان بەسەردا سەپا. هەنووکە بۆ ماڵپەڕی "هەنگاو" ئاشکرا بووە کە ئەو سزا قورسە بەپێی فەرمانی ڕاستەوخۆی بەرپرسانی سپای شاری شنۆ بەسەر ئەو گیراوانەدا سەپاوە. ئەمە لە کاتێک دایە ئەو گیراوانە سەرەڕای ئازار و ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونی، هیچ کام لە تۆمەتەکانیان قەبووڵ نەکردووە. ناسنامەی ئەو هاووڵاتییانەی گوندی قەرەسەقەل کە سزای قورسیان بەسەردا سەپاوە بریتین لە: هیدایەت عەبدوڵڵاپوور/ ئیعدام. حاسڵ عەزیزی/ ٢٥ ساڵ زیندان. محەممەد زاهیر فەرامەرزی/ ٢٠ ساڵ زیندان. یەعقووب بائەکرەم/ ١٥ ساڵ زیندان. جەلال مەسرووری/ ١٥ ساڵ زیندان . کەماڵ مەسرووری/ ١١ ساڵ زیندان . سەدیق بائەکرەم/ ١٠ ساڵ زیندان. ئەو حوکمانە لەلایەن لقی یەکی "دادگای ئینقلاب"ی شاری ئورمیەوە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان" بەسەر ئەو هاووڵاتییانەدا سەپاوە. بەرپرسانی زیندانی ئورمیە لە ڕۆژی یەکشەممەوە ئەو زیندانییانەیان ڕەوانە ژوورە تاکەکەسییەکان کردووە و هیدایەت عەبدووڵڵاپوور لە رۆژی هەینییەوە مانی لە خواردن گرتووە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە