سەردەشت .. پیاوێکی ٧٠ ساڵان لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا

١٣ ڕێبەندان ٢٧١٦، ١٩:٣٧
هەنگاو: هاووڵاتییەکی بەساڵا چووی دانیشتووی سەردەشت لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەوشارەوە دەستبەسەر کرا. بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو" و بە پشتبەستن بە "کوردپا"،  ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕێبەندان، هێزە ئەمنیەتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی "مەولوود ئیسماعیل پوور" و ناوبراویان دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنکی نادیار ڕایانگواست. هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت ڕایگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش پشکنینی ماڵی ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٦٨ ساڵە، ناوبرایان دەستبەسەر کردووە و هەتا ئێستا لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نیە. هێزە ئەمنیەتییەکان چەندین جار بۆ دەستبەسەر کردنی محەممەد ئیسماعیل پوور، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوکی ئەو چالاکە سیاسیتە و پاش پشکنین، دەستیان بە ئازار و ئەزیەتی بنەماڵەی ئیسماعیل پوور کردووە. محەممەد کوڕی مەولوود ئیسماعیل پوور، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی، تۆمەتبار کراوە. چالاکانی مافی مرۆڤ لە شاری سەردەشت نیگەرانیی خۆیان لە دۆخی ناڵەباری جەستەیی و دەرونی مەولوود ئیسماعیل پوور بە هۆی پیری و بەساڵاچوویی ناوبراو، دەربڕیووە.  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە