حەسەن شێخ ئاقایی دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرا

١٨ ڕێبەندان ٢٧١٦، ٠٠:٣٠
هەنگاو: حەسەن شێخ ئاقایی ڕۆژنامەنووس و چااکی مەدەنی ناسراوی خەڵکی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتووخانە کرا. بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، هێزە ئیتلاعاتییەکانی مەهاباد، ڕۆژی هەینی ١٥ی ڕێبەندان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی حەسەن شێخ ئاقایی و دوای ئەوەی دەستبەسەریان کردووە، کواستوویانەتەوە بۆ گرتووخانەی ناوەندیی مەهاباد. بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە، ناوبراو بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەکی حوکمەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراوە. هەواڵنیری "هەنگاو" لەشاری مەهاباد ڕایگەیاند کە ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکە مەدەنییە لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە دادوەریی دادوەر معەممەدخوا، بەتۆمەتی " پڕوپاگەندە دژ بە نیزام لەڕێگای ماڵپەڕی ڕوانگەوە سزای ٥ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو. ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیە وەک خۆی پشتڕاست کراوەتەوە. حەسەن شێخ ئاوایی ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ٩٤یهەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی مەهابادەوە دەستبەسەر و پاش دوو مانگ بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشیوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو. ماڵپەڕی ڕوانگەی کە ناوەندەکەی لەشاری مەهاباد بوو، بابەتی بە دوو زمانی کوردی و فارسی لەسەر پرسەکانی تایبەت بە کوردستان بڵاو دەکردەوە و دوای دەستبەسەر کرانی بەڕێز شێخ ئاقایی چالاکییەکانی ڕاوەستا.  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە