کوژران و برینداربوونی ٢١ کۆڵبەر لە مانگی ڕابردوودا
١٨ ڕێبەندان ٢٧١٦، ٠٢:٥٩
هەنگاو: لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، ٢١ کۆڵبەری کورد گیانیان لە دەست داوە، یان بریندار بوون کە لەهەمبەر ماوەی وێكچووی ساڵی ڕابردوو، ٢٠ حاڵەت زیادی کردووە.
بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لە مانگی ژانوویەی ٢٠١٧ زایینیدا، ٦ کۆڵبەری کورد گیانیان لە دەست داوە و ١٥ی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، تێکڕای ئەو کۆڵبەرانە کە گیانیان لە دەست داوە بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی، هاتنی ڕنوو و ڕق هەڵهاتن بووە و خەڵکی شارەکانی سەردەشت (٢ کۆڵبەر)، سەقز (١ کۆڵبەر)، بانە (١ کۆڵبەر)، مەهاباد (١ کۆڵبەر) و شنۆ (١ کۆڵبەر)، بوون.
لەو ١٥ کۆڵبەرەش کە بریندار بوون، ٦ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم و ٩ کەسی دیکەش بەهۆی هاتنی ڕنوو و ڕووداوە سروشتییەکان بریندار بوون.
ئەو کۆڵبەرانەی کە بریندار بوون، خەڵکی شارەکانی پیرانشار (٦ کۆڵبەر)، سەردەشت (٥ کۆڵبەر)، شنۆ (٢ کۆڵبەر)، ڕوانسەر (١ کۆڵبەر) و سەلاس باوەجانی (١ کۆڵبەر) بوون.
بە پشت بەستن بە ئاماری ماڵپەڕی هەنگاو، لە مانگی ژانویەی ساڵی ڕابردوو، تەنیا یەک کۆڵبەری خەڵکی پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران بریندار کراوە.