دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کورد لە شاری روانسەر

٢٢ ڕێبەندان ٢٧١٦، ٢٠:٤٩
هەنگاو: هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ٣٨مین ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی شۆڕشی گەلانی ئێران، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ڕوانسەر بەهۆی گوتنەوەی دروشمی "سپای تیرۆریستیی پاسداران" دەسبەسەر کرا. بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، ئەمڕۆ هەینی ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانبار لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی شۆڕشی گەلانی ئێران لە شاری ڕوانسەر، کرێکارێکی کوردی ئەو شارە بە ناوی "غوڵام گرشاسبی" لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و وێڕای کوتان و لێدانی ناوبراو، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. هەواڵنێری هەنگاو لە شاری ڕوانسەر وێڕای پژڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە وتی، غوڵام گرشاسبی کرێکارێکی سادە بووە نانێکی بەرز کردووەتەوە و لە نێو خەڵکدا دروشمی "سپای تیرۆریستیی پاسداران هۆکاری چارەڕەشیی خەڵک"ی گوتووەتەوە. بە وتەی شایەتحاڵێک هێزەکانی سپای پاسداران بە شێوەیەکی دڕندانە ئەو هاووڵاتییە کوردەیان داوەتە بە لێدان و کوتان و دواتر دەسبەسەریان کردووە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە