٣٠ مانگ زیندان بۆ چوار بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامی لە سەقز

٢٥ ڕێبەندان ٢٧١٦، ٠٠:١١
 هەنگاو: دوو چالاکیی دیکەی کورد سزای زیندانیان بەسەردا سەپا و بە هەژمار کردنی ئەم دوو چالاکە، چوار چالاکی سەقزی بە گشتی بە ٣٠ مانگی زیندان مەحکووم کراون. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، "دادگای ئینقلاب"ی شاری سەقز دوو چالاکی دیکەی کوردی بە ناوەکانی "ناسر ڕەحیمی و هێمن حوسێنی" هەر کام بە شەش مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کردووە. ئەو دوو چالاکە کوردە بە تۆمەتی "پشتیوانی لە حیزبە کوردییەکان" لە ڕێگەی "ڕێکخستنی کاناڵ و گرووپی تێلێگرامی" سزای زیندانیان بەسەردا سەپاوە. پێشریش ئەو "دادگا"یە دوو چالاکی دیکەی بەناوەکانی "کامیل شەریف‌زادە و غەریب شەریف‌زادە" بەڕیز بە شەش مانگ و یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کردبوو. پەروەندەی چالاکێکی دیکەی ئەو پەروەندەیەش بەناوی "هیوا دەستباز" لە حاڵی تاوتوێ‌کردن دایە و هەتا ئێستا هیچ حوکمێکی بۆ نەبڕاوەتەوە. ئەو پێنج هاووڵاتییە کوردە ڕێکەوتی ٢ی ڕەزبەری ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە شاری سەقز دەسبەسەر و پاش دوو مانگ بە دانانی ١٢٠ میلیۆن تمەن بارمتە، بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە