کوژران و بریندار بوونی ٥ کۆڵبەر لە سەڵماس و سەردەشت
٢٥ ڕێبەندان ٢٧١٦، ١٣:٤٠
هەنگاو: لەماوەی ٥ ڕۆژی ڕابردوودا دوو کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی سەڵماس و سەردەشت گیانیان لە دەست داوە و یان بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، ڕۆژی ڕابردو ٢٤ی ڕێبەندان، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامی و پاسەوانانی سنووری ئێران ٢ کۆڵبەری کورد گیانیان لە دەست داوە و دووی دیکەش بە توندی بریندار بوون.
هەواڵنێری "هەنگاو" لەوبارەوە ڕایگەیاند لە دوو کۆڵبەر بە ناسنامەی "داریوش پاشایی" و "خوسرۆ کازمی" خەڵکی گوندی "خوڕخوڕە"ی سەڵماس گیانیان لە دەست داوە و دوو کۆڵبەری دیکەش بەناوەکانی "ئازاد عەلیزادە" و "فارێس مامەدی" بە توندی بریندار بوون.
ئەو دوو کۆڵبەرە ئێستا لەیەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری سەڵماس لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕێبەندان، کۆڵبەریکی خەلکی پیرانشار بە ناوی "خلید قارەمانی" لەناوچەی ئالانی سەردەشت بە هۆی بەربوونەوە لە شاخ بە توندی بریندار بوو و بەمەبەستی جارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ئورمیە کراوە.