دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی لە مەهاباد
٢٦ ڕێبەندان ٢٧١٦، ٠١:٠٤
هەنگاو: دوو هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی مەهاباد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و ڕاپێچی شوێنێکی نادیار کران.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، کاتژمێر ١١ی شەوی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانبار، چوار کەس لە هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە شاری مەهاباد هێرشیان کردە سەر ماڵی دوو هاووڵاتیی کورد لە گەڕەکی "باخی شایگان" و دەسبەسەریان کردن.
هەواڵنێری هەنگاو لە شاری مەهاباد ناوی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی "مێهران حوسێن خانی" تەمەن ٢٨ ساڵ و کوڕی خوسرەو و "شاهین سەمەدی" تەمەن ٣١ ساڵ و کوڕی ئەنوەر ڕاگەیاند.
هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە و هەروەها شوێنی ڕاگیرانیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
لەلایەکی دیکەشەوە سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوام و جیدیی بنەماڵەکانیان، ئیدارەی ئیتلاعات بێ ئاگایی خۆی لەو دوو هاووڵاتییە ڕاگەیاندووە، ئەمە لە حاڵێک دایە کە ئەو دوو هاووڵاتییە لە پێش چاوی ئەندامانی بنەماڵەکانیان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.