خۆکوژی کچێکی ئەندازیار پاش ئازادبوونی لە زیندانی ئیتلاعات + وێنە

٤ ڕەشەمە ٢٧١٦، ١٥:٥١
هەنگاو:  کچێکی ئەندازیاری کورد لە پاریزگای کرماشان تەنیا ڕۆژێک دوای ئازادبوونی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان خۆی کوشت. بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، کچە ئەندازیاریکی کورد بە ناسنامەی "مەهدیس میر قەوامی" ڕۆژی هەینی ٨ی ڕێبەندان تەنیا ١ ڕۆژ دوای ئازاد بوونی لە گرتووخانە، دەستی دایە خۆکوژی و لەئاکامدا ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندان لەیەکێک لەناوەندە دەرمانییەکانی شاری کرماشان گیانی لە دەستدا. مەهدیس میر قەوامی ڕۆژی سێشەممە ٥ی رێبەندان دوای بانگهێشت کرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و دوو ڕۆژ دواتر واتە پێنج‌شەممە ٧ی ڕێبەندان ئازاد کرابوو. ئەو ئەندازیارە کوردە لە رێگەی خواردنی "حەبی برینج" کە جۆرە حەبێکی ژەهراوییە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعات گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی ئەو کچە کوردە کە نابێ بە هیچ شێوەیەک ئەو پرسە میدیایی بکرێتەوە. پێشتر و ڕۆژی هەینی ١٥ی بەفرانباری ١٣٩١ی هەتاو، کچێکی تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵکی کۆزەرانی کرماشان کە خاوەن بروانامەی لیسانسی زانستە سیاسییەکان بوو بەناوی شلێر فەرهادی، دوای ئەوەی لەلایەن ئیتلاعاتی کرماشانەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٤ مانگ زیندانی کرا، پاش ئازادبوونی لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەکی ڕاوەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوبوو.  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە