تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، کوژران و برینداربوونی ٥ کۆڵبەری لێ کەوتەوە

٧ ڕەشەمە ٢٧١٦، ١٧:٠٨
هەنگاو: پێنج کۆڵبەری کورد لە ناوچەی سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم کوژران و بریندار بوون. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٦ی ڕەشەمەی ١٣٩٥ی هەتاوی، هێزەکانی سوپای پاسداران لە ناوچەی بەردەروێ ـی سەر بە سەردەشت کاروانی کۆڵبەرانی کوردیان کردە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ. هەواڵنێری هەنگاو لەو ناوچەیەوە ڕایگەیاند کە لەم کردەوە دژەمرۆڤانەیەدا ٥ کۆڵبەری کورد کوژراو بریندار بوون. ناسنامەی یەکێک لەو کۆڵبەرانە کە پاش بەرکەوتنی گولـلە لەوێ گیانی لەدەستداوە، سلێمان عەباسی ڕاگەیەندراوە. هەروەها ناسنامەی دوو کەس لەو کۆڵبەرە بریندارانە، عەباس ڕوستەمی و سەلاح ئیبراهیم زادە ـیە. تاوەکوو کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، ناسنامەی دوو کۆڵبەری برینداری دیکە بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە، بەڵام لە ئەگەری دەستکەوتنی زانیاریی نوێدا پاش بەدواداچوونی ورد، ناسنامەی کەسانی دیکە و هەروەها وردەکارییەکانیش بڵاو دەکرێنەوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە