جەماڵ قادرنژاد دوای ٥ ساڵ زیندان ئازاد بوو

١٩ ڕەشەمە ٢٧١٦، ٠٠:٢٣
هەنگاو: جەماڵ قادرنژاد زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی میاندواو، پاش پێنج ساڵ لە زیندان ئازاد کرا. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، جەماڵ قادرنژاد کاتژمێر ٨ی ئێوارەی دوێنێ سێ‌شەممە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەشەمە، پاش تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی لە زیندان ئازاد کرا. ناوبراو ڕێکەوتی ٢٤ جۆزەردانی ١٣٩١ی هەتاوی لە کاتێکدا کە خوێندکاری زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانینگەی پەیام‌نووری میاندواو بوو، بە تۆمەتی "هاوکاریی حیزبە کوردییەکان" لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە هاوڕێ لەگەڵ دوو کەسی دیکە دەسبەسەر و لەلایەن "دادگای ئینقلاب"ی ئەو شارەوە سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. ئەو خوێندکارە کوردە پێشتریش لە ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی لە کاتێکدا کە خوێندکاری ژمێریاریی زانینگەی ڕەشت بوو، دەسبەسەر و سزای ٤ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپابوو. جەماڵ قادرنژاد خەڵکی گوندی "حاجی حەسەن"ی سەربە ناوچەی "شامات"ی شارستانی "میاندوا"ـە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە