ئێران فیلمی دانپێدانانی زۆرەملێی زیندانییان بڵاو دەکاتەوە
٢٣ ڕەشەمە ٢٧١٦، ٠١:١٣
هەنگاو: وەزارەتی ئیتلاعاتی حکومەتی ئێران پاش دانپێدانانی زۆرەملێی زیندانییەکی سیاسیی کورد، فیلمێکی بڵاو کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، زیندانییانی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی ئێران هەتا سەرحەدی مەرگ ئەشکەنجە دەکرێن.
لەم پێوەندییەدا و لە نوێترین نموونەدا، کاناڵی ئینگلیزی زمانی ڕێژیمی ئێران، فیلمێکی لە دانپێدانانی زیندانییەکی سیاسیی کورد کەلە هاوینی ئەمساڵەوە هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی نەبوو، بڵاو کردەوە.
ئەو فیلمە لە زیندانیی سیاسیی کورد بەناوی "حەیدەر قوربانی" دروست و بڵاو کراوەتەوە.
قوربانی لەژێر ئەشکەنجەی نامرۆڤانە ناچار کراوە لەو فیلمەدا بەرپرسیارەتیی کوشتنی چەند ئەندامێکی سپای پاسداران بگرێتە ئەستۆ.
لەو فیلمە ٢٠ خولەکییەدا هەروەها ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە ناچار کراوە لە بەرانبەر بنەماڵەی کوژراوەکان، دان بە تاوانەکانیدا بنێت.