تەقەی هێزە ئینتزامییەکان لە ماکۆ دوو برینداری لێ کەوتەوە

٢٨ ڕەشەمە ٢٧١٦، ٢١:٤٩
هەنگاو: بەهۆی تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم لە سنووری ماکۆ، دوو هاووڵاتی ڕەوانەی نەخۆشخانە کران. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی ماکۆ، شەوی هەینی ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمە، تەقەیان لە ژمارەیەک هاووڵاتی کرد و لە ئەنجامدا دوانیان بریندار و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرد. ماڵپەڕی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند: هاووڵاتییەکی کورد بەناوی "قادر ئەسام" و هاووڵاتییەکی ئەفغانیش بریندار بوون. هێزە ئینتزامییەکان پاش بریندارکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە، لە تاریکیی شەودا بەجێیان هێشتوون و پاش ئەوەی کە خەڵک لە دۆخیان ئاگادار بوونەتەوە بە هانای ئەو دوو بریندارەوە چوون. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئەو دوو هاووڵاتییە بەهۆی توندیی برینەکەیانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری خۆی کراون.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە