پێنج کۆڵبەری کورد لە خۆی بوونە قوربانی+ وتووێژ
٣ خاکەلێوە ٢٧١٧، ٠٣:٠٧
هەنگاو: چوار کۆڵبەری کوردی خەڵکی ناوچەی قوتوور سەربە شارستانی خۆی، بەهۆی هاتنی ڕنوو گیانیان لە دەست دا و کۆڵبەرێکیش بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، دوێنێ شەو ڕێکەوتی ١ی خاکەلێوە، چوار کۆڵبەری خەڵکی گوندی "تەرسئاوای" ناوچەی قوتوور سەربە شارستانی خۆی، بەهۆی هاتنی ڕنوو گیانیان لە دەست دا یەکێکی دیکەش لەو ڕووداوەدا بریندار بوو.
بێهرووز عیسا زادە، قوتبەدین ئەحمەدی، حەسەن سەعیدی و مستەفا حافز، ناوی ئەو چوار کۆڵبەرەیە کە گیانیان لە دەست داوە.
ئەو پێنج کۆڵبەرە بەهۆی بۆسە و ڕاوەدوونانی هێزەکانی سەر سنوور ناچار بە گۆڕینی ڕێگاکەیان بوون کە لە ئەنجامدا بەهۆی هاتنی ڕنوو گیانیان لە دەست داوە، یان بریندار بوون.
ئەمە لە کاتێک دایە کە بەخشداری قوتوور هەواڵی گیان لە دەستدانی ئەو کۆڵبەرانەی ڕەت کردووەتەوە و وتوویەتی: ئەو کوژراوانە کۆڵبەر نەبوون و لەو ناوچەیە کۆڵبەر بوونی نییە.
لەو پێوەندییەدا و لە بەدواداچوونێکی هەواڵنێری هەنگاو و لە زاری برای یەکێک لەو قوربانییانەوە، دەرکەوتووە کە بە سەدان کۆڵبەر لەو ناوچەیە بەهۆی دەستکورتی و دژواریی ژیان و بۆ بە دەستهێنانی پارووە نانێک لە ناوچە سنوورییەکان سەرقاڵی کۆڵبەرین.