دەستبەسەر کرانی ٤ لاوی خەڵکی نەغەدە
٦ خاکەلێوە ٢٧١٧، ٠٢:١٦
هەنگاو: لەدرێژەی شەپۆلی دەستبەسەر کردنی لاوانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی ئێرانەوە، ٤ هاووڵاتیی خەڵکی نەغەدە لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی (هەنگاو)، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ڕەشەممەی ٩٥، هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر گوندی خەلیفانی نەغەدە و ٤ لاویان دەستبەسەر کردووە.
هەواڵنێری (هەنگاو) ناسنامەی ئەو ٤ کەسەی بە شێوەی خوارەوە ڕاگەیاندووە؛
١_ محەمەد زەبیحی کوڕی عەلی.
٢_ کیار ئورامە کوڕی سەعید.
٣_ ڕەزا سۆفی ئەحمەد کوڕی سادق.
٤_ کیان کەریمی کوڕی هادی.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چوار هاووڵاتییە تەمەنیان لە خوارەوەی ٢٠ ساڵە و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بۆ حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران" دەستبەسەر کراون.
هەتا ئێستا و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو ٤ هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لەمەر چارەنووسی ئەو هاووڵاتیانە لە بەر دەستدا نیە.