سنە.. رێگری لە ڕێوڕەسمی نەورۆز و دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی

٧ خاکەلێوە ٢٧١٧، ١٥:٢٠
هەنگاو: هێزەکانی حکومەتی ئێران، ڕژانە شوێنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە حەسەناوای سنە و وێڕای دەستبەسەریی دوو هاووڵاتیی کورد، هەموو کەلوپەلەکانی ئامادەکراو بۆ ڕێوڕەسمەکەیان لەگەڵ خۆیان برد. بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، ڕێوڕەسمی حەسەناوای سنە بڕیار بوو ئەمڕۆ دووشەممە ٧ی خاکەلێوە بەڕێوە بچێت بەڵام هێزەکانی حکومەتی ئێران بەرەبەیان و پێش هەڵاتنی خۆر ڕژانە شوێنی ڕێوڕەسمەکە و هەموو ئامادەکارییەکانیان شێواند و کەلوپەلەکانیان لەگەڵ خۆیان بردن. بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو، هێزەکانی ئیتلاعات و ئینتزامی بە هاوکاریی گاردی دژەشۆڕش بە هەژمارێکی زۆرەوە ڕژاونەتە شوێنی کۆبوونەکە و هەروەها ڕاپۆرتەکانیش باس لە دەستبەسەرکرانی دوو کەس لە ئەندامانی لیژنەی ڕێوڕەسمەکە دەکەن. رامین ساڵحی و جەلال خوداکەرەمی شوناسی دەستبەسەرکراوانی ئەمڕۆ لە حەسەناوای سنە ڕاگەیەندراوە. ئەو ڕێوڕەسمە بڕیار بوو ئەمڕۆ کاتژمێر ٢ی دوانیمەڕۆ بەڕێوە بچێت.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە