دەسبەسەرکرانی ٦٤ هاووڵاتیی کورد لە سێ مانگدا
١٢ خاکەلێوە ٢٧١٧، ٠٠:٢٣
هەنگاو: لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ی زایینی، ٦٤ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی هەنگاو، لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ زایینی، لانیکەم ٦٤ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانیحکومەتی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون کە چارەنووسی زۆربەیان ناڕوونە.
بە پشت بەستن بەم ئامارانە لە پارێزگای سنە ٣٤ هاووڵاتی، پارێزگای ئورمیە ٢٨ هاووڵاتی و لە پارێزگای کرماشان ٢ هاووڵاتیی کورد لەو سێ مانگەدا دەسبەسەر کراون.
لەم سێ مانگەدا شاری مەریوان بە ١٨ حاڵەتی دەسبەسەرکران، مەهاباد ٧ حاڵەت، کامێران ٥ حاڵەت و شارەکانی نەغەدە، بۆکان و میاندواو ٤ حاڵەت، زیاترین هاووڵاتیی کورد دەسبەسەر کران.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە مانگی ژانوویە ١٦ هاووڵاتیی کورد، لە مانگی فێبریە ١٨ هاووڵاتی و لە مانگی مارسدا ٣٠ هاووڵاتی دەسبەسەر کراون.
دوو کەس لەو دەسبەسەرکراوانە لە ڕەگەزی ژن و ٦٢ حاڵەتیش پیاون.
لەم ژمارەیە ١٦ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراو بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و ٧ کەسیش لەمەڕ جێبەجێکرانی حوکمەکەیان دەسبەسەر کراون.
ئەم ئامارە تەنیا ئەو کەسانە لە خۆ دەگرێ کە ناویان بڵاو کراوەتەوە و بە دڵنیایییەوە ئاماری ڕاستەقینە لەو ڕێژەیە زیاترە.